بۆ ناوەڕۆک بازبدە

لیبیا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لیبیا
بە ئیتالی: Stato della Libia
دامەزران١٥ی ئابی ١٥٥١
ناو بە زمانی فەرمیدولة ليبيا
زمانی فەرمیزمانی عەرەبی
سروودی نیشتمانیLibya, Libya, Libya
Cultureculture of Libya
کیشوەرئەفریقا
وڵاتلیبیا
پایتەختتەرابلوس
ناوچەی کاتییوو تی سی+٠٢:٠٠، کاتی ئەوروپای ڕۆژھەڵات، Africa/Tripoli
ناوچەی جوگرافیباکووری ئەفریقا
پۆتانی شوێن٢٧°٠′٠″N ١٧°٠′٠″E
Coordinates of geographic center٢٦°٢٠′٦″N ١٧°١٣′٤٢″E
Coordinates of easternmost point٣١°٣٩′٢٦″N ٢٥°٨′٥٧″E
Coordinates of northernmost point٣٣°٩′٠″N ١١°٣٤′١٢″E
Coordinates of southernmost point١٩°٣٠′٠″N ٢٤°٠′٠″E
Coordinates of westernmost point٣٠°١٠′٥″N ٩°٢٣′٣٠″E
بەرزترین خاڵBikku Bitti
نزمترین خاڵSabkhat Ghuzayyil
شێوەی بنەڕەتیی حکوومەتکۆمار
پۆستی سەرۆکی دەوڵەتChairman of the Presidential Council
سەرۆکی حکوومەتMohamed al-Menfi
نووسینگەی بەڕێوەبردنPrime Minister of Libya
سەرۆکAbd al-Hamid Al-Dabiba
ئەنجومەنی یاسادانەرHouse of Representatives، High Council of State
Central bankCentral Bank of Libya
دانیشتووان٧٬٣٨١٬٠٢٣
دراوLibyan dinar
خاکی ھاوشێوەAfrica/Tripoli
Driving sideright
Electrical plug typeEuroplug، AC power plugs and sockets: British and related types، Schuko، Type L
لە پێشGreat Socialist People's Libyan Arab Jamahiriya
جێگەی دەگرێتەوەGreat Socialist People's Libyan Arab Jamahiriya
لێکۆڵینەوە لەلایەنLibyan studies
ڕووبەر١٬٧٥٩٬٥٤١±١ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ھاشتاگLibya، libya
پاوانی ئینتەرنێتی.ly
وەسفی ئاڵائاڵای لیبیا
وەسفی نیشانcoat of arms of Libya
جوگرافیای ئەم بابەتەGeography of Libya
ئابووری بابەتeconomy of Libya
دیمۆگرافیای بابەتdemographics of Libya
مەزھەبی فیقهیمالیکی
کۆدی مۆبایلی وڵات606
کۆدی تەلەفۆنی وڵات+218
Emergency phone number190، 191، 193
GS1 country code624
کۆدی تابلۆی ئۆتۆمۆبیلLAR
Maritime identification digits642
Map

لیبیا (بە عەرەبی: دَوْلَةُ لِيبْيَا) وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە باکووری ئەفریقا ، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای ناوین و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میسر و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سوودان و لە باشوورەوە چاد و نیجەر و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ جەزائیر و تونس .[١][٢]

ڕووبەری لیبیا نزیکەی ١.٨ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە (٧٠٠ هەزار میلی چوارگۆشە) و چوارەمین وڵاتی گەورەی ئەفریقا و جیهانی عەرەبی بە پێی ڕووبەرە. هەروەها لە ئاستی جیهاندا پلەی ١٧ لە نێوان گەورەترین وڵاتان بە پێی ڕووبەر هەیە.[٣][٤]

لیبیا پلەی نۆیەم لە نێوان دە وڵاتی یەکەمی جیهاندا هەیە کە گەورەترین یەدەگی پشتڕاستکراوی نەوتیان هەیە.[٥] بیابان نزیکەی ٩٥٪ لە کۆی ڕووبەری وڵاتەکە پێکدەهێنێت، و نزیکەی چارەکی دانیشتووان لە دوو شارە گەورەکەی، تڕابلوس یان بنغازی، دەژین.[٦][٧]

پایتەختی لیبیا شاری تڕابلوسە، کە هەمان کات گەورەترین شاری وڵاتەکەشە. ئەم شارە لە ڕۆژئاوای لیبیا هەڵکەوتووە و زیاتر لە ١ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، لە کاتێکدا کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە زیاتر لە ٦ ملیۆن کەسن. [٨][٩]دووەمین گەورەترین شاری لیبیا بنغازییە، کە لە ڕۆژهەڵاتی وڵات هەڵکەوتووە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەسە.[١٠]

لیبیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا بەرزترین پێوانەی گەشەپێدانی مرۆیی لە ئەفریقا تۆمار کرد و چوارەمین بەرزترین بەرهەمی ناوخۆیی گشتی لە نێوان وڵاتانی ئەفریقا هەبوو، دوای سیشێل، گینێی ئیستوایی و گابۆن. ئەمەش بەهۆی یەدەگی زۆری نەوت و ژمارەی کەمی دانیشتووانی وڵاتەکە بوو.[١١] [١٢]لیبیا ئەندامی ژمارەیەک ڕێکخراو و کۆمەڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، لەوانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەفریقا، یەکێتیی مەغریب عەرەبی، کۆمکاری عەرەبی، بزووتنەوەی بێلایەنبوون، ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت بازاڕی هاوبەشی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا.

لیبیا لە کۆتاییەکانی سەردەمی بڕۆنزەوە لەلایەن بەربەرەکانەوە ئاوەدان کراوەتەوە. لە سەردەمی دێریندا، فینیقییەکان دەوڵەتە شار و بنکەی بازرگانییان لە ڕۆژاوای لیبیا دامەزراند، لە کاتێکدا چەندین شاری یۆنانی لە ڕۆژهەڵاتدا دامەزرێنران. بەشە جیاوازەکانى لیبیا بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن، فارسەکان، و میسری کۆن و یۆنانییەکانەوە فەرمانڕەوایی دەکران پێش ئەوەی تەواوی ناوچەکە ببێتە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی. لیبیا یەکێک بوو لە مەڵبەندە سەرەتاییەکانی مەسیحییەت.دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی ڕۆژاوا، ناوچەی لیبیا زیاتر لەلایەن ڤاندالەکانەوە داگیرکرا تا سەدەی حەوتەم کاتێک فەتحکردنی عەرەبەکان ئیسلامی هێنایە ناوچەکە لە سەدەی ١٦دا، ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی و سوارچاکانی هۆسپیتالەر تەرابلوسیان داگیرکرد تاوەکو دەستپێکی فەرمانڕەوایی عوسمانی لە ساڵی ١٥٥١دا. لیبیا بەشداربوو لە جەنگەکانی بەربەری لە سەدەکانی ١٨ و ١٩دا. فەرمانڕەوایی عوسمانی بەردەوام بوو تا جەنگی ئیتاڵیا-عوسمانییەکان لە ساڵی ١٩١١، کە بووە هۆی داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیاوە و دامەزراندنی ئەیالەتی تەڕابلوسی غەرب

لە ساڵی ١٩١٩دا سنوورەکانی لیبیا لەگەڵ سودانی ئینگلیزی–میسری بە ڕێککەوتن دیاری کران، هەروەها لە ساڵی ١٩٢٦ ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ شانشینی میسر واژۆ کرا کە سنووری نێوان هەردوو وڵات لەسەر ھێڵی درێژی٢٥ پلەی ڕۆژهەڵات دیاری کرد و بنەمای سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ئێستای لیبیای پێکهێنا. لە ماوەی شەڕی جیهانی دووەمدا، لیبیا یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی شەڕی باکووری ئەفریقا بوو. لەو سەردەمەدا ژمارەی دانیشتووانی ئیتالی لە لیبیا دەستی بە کەمبوون کرد. دواتر، لیبیا لە ساڵی ١٩٥١دا وەک شانشینێکی سەربەخۆ ڕاگەیەنرا.

لە ساڵی ١٩٦٩، کودەتایەکی سەربازی شا ئیدریس یەکەمی لە دەسەڵات لادا و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد. موعەمەر قەزافی یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی ئەو کودەتایە، کە لە کۆتاییدا توانی هەموو دەسەڵات لە دەستی خۆی کۆ بکاتەوە، و هەتا دەستپێکی شەڕی ناوخۆییی لیبیا، یان ئەوەی بە شۆڕشی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ ناسرا، لە دەسەڵاتدا مایەوە. لەو شۆڕشەدا، هێزە شۆڕشگێڕەکان لەلایەن هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پشتگیری کران.لەو کاتەوە، لیبیا ڕووبەڕووی نائارامی و توندوتیژیی سیاسی زۆربووەتەوە ، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووری و بەرهەمهێنانی نەوتی وڵات هەبووە.

هەروەها لیبیا بووەتە ڕێگایەکی سەرەکی بۆ کۆچی نایاسایی، کە لەلایەن تۆڕەکانی بازرگانی مرۆڤەوە بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی پەنابەران و کۆچبەرە هەڵاتووەکانى شەڕەکانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەورووپا. بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، یەکێتیی ئەورووپا چەندین ئۆپەراسیۆنی دەریایی لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا ئەنجام داوە.

لیبیا وڵاتێکی کەمتر گەشە سەندووە کە لە پلەی ١١٥ەمدایە لە ڕیزبەندی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)، و خاوەنی ١٠یەمین گەورەترین یەدەگی سەلمێندراوی نەوتە لە جیهاندا. لیبیا بەرزترین ئاستی دەردانی گازی گەرمکەرەوە بەرامبەر بە هەر تاکێک لە ئەفریقادا هەیە، بەڵام پێشکەوتنێکی کەمی بەدەستهێناوە لە پابەندبوونی بە کەشوهەوا.لیبیا ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایەن، یەکێتیی ئەفریقا، کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، و ئۆپێک (OPEC). ئایینی فەرمیی وڵاتەکە ئیسلامە، کە %٩٦.٦ی دانیشتووانی لیبیا موسڵمانی سوننەن.زمانی فەرمیی لیبیا عەرەبییە، کە زاراوەی عەرەبیی لیبی بەرفراوانترین زاراوەی ئاخاوتنە. زۆرینەی دانیشتووانی لیبیا عەرەبن.[١٣]

مێژوو

[دەستکاری]

دەشتی کەناراوەکانی لیبیا لە سەردەمی سەردەمی نیۆلیتیک، بە دیاریکراوی لە ساڵی ٨٠٠٠ی پێش زایینەوە، ئاوەدان بووە و خەڵکی تێدا ژیاوە. مەزەندە دەکرێت باوانە ئەفرۆئاسیاییەکانی گەلی گەلی ئەمازیغیلە کۆتاییەکانی سەردەمی بڕۆنزدا بڵاوبووبێتنەوە بۆ ئەم ناوچەیە.

کۆنترین ناوی ڕەچەڵەکێک یان هۆزێک کە تا ئێستا بزانرێت هۆزی "گارامانتس" بوون، کە بنکەکەیان لە شارۆچکەی "گەرمە" بوو.فینیقییەکان یەکەم کەس بوون کە بنکەی بازرگانییان لە لیبیادا دامەزراند.[١٤] تا سەدەی پێنجەمی پێش زایین، گەورەترین کۆڵۆنیی فینیقییەکان کە "کارتەیج" بوو، هەژموونی خۆی بەسەر بەشێکی زۆری باکووری ئەفریقادا بەرفراوان کرد، کە لەوێ شارستانیەتێکی جیاواز و تایبەت بە ناوی پۆنیک دروستبوو.

لە ساڵی ٦٣٠ی پێش زایین، یۆنانییە کۆنەکان ناوچەی دەوروبەری "بەرقە"یان لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا کردە ناوچەى بەرێوەبەرى خۆیان و شاری سیرینیان دامەزراند. لە ماوەی ٢٠٠ ساڵدا، چوار شاری گرنگی تری یۆنانی لەو ناوچەیەدا دامەزران کە دواتر بە "سیرینایکا" ناسرا.

ئەم ناوچەیە شوێنی قوتابخانەی فەلسەفیی بەناوبانگی سیریناکییەکان بوو.لە ساڵی ٥٢٥ی پێش زایین، سوپای فارسەکان بە سەرکردایەتیی کامبیزیسی دووەم ناوچەی سیرینایکای داگیرکرد، کە بۆ دوو سەدەی دواتر لە ژێر دەسەڵاتی فارسەکان یان میسرییەکاندا مایەوە. ئەسکەندەری مەزن لە ساڵی ٣٣١ی پێش زایین کۆتایی بە دەسەڵاتی فارسەکان هێنا و باجی لە سیرینایکا وەرگرت. بەم شێوەیە ڕۆژهەڵاتی لیبیا جارێکی تر کەوتەوە ژێر دەسەڵات و بەرێوەبەرى یۆنانییەکان، بەڵام ئەمجارەیان وەک بەشێک لە پاشایەتیی بەتلیمۆسییەکان .

دوای ڕووخانی کارتەژ، ڕۆمانییەکان دەستبەجێ تریپۆلیتانیاداگیر نەکرد، بەڵکو لە ژێر دەسەڵاتی پاشاکانی نومیدیا جێیان هێشت، هەتا ئەوەی شارە کەناراوەکان داوای پاراستنیان لە ڕۆما دەکەن و دەستیان پێ دەگات.بەتلیمۆس ئەپیۆن، دوا ڕاوەستاوەی یۆنانی سیرینایکە، ناوچەکەی بۆ ڕۆما بە میرات جێهێشت، و ڕۆماش بە فەرمی لە ساڵی ٧٤ پ.ز. ناوچەکەی هاوپێچ کرد و لەگەڵ کریت یەکخست بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگایەکی ڕۆمانی.، وەک بەشێک لە پارێزگای ئەفریقای نوێ تریپۆلیتانیا ناوچەیەکی خۆشگوزەران بوو، و لە سەدەی دووەم و سێیەمدا گەیشتە سەردەمی زێڕینی خۆی، کاتێک شاری لیپتیس ماگنا کە نیشتمانی بنەماڵەی ئیمپراتۆریی سێڤێران بوو لە لووتکەى گەشەسەندن و شکۆی خۆیدا بوو.

لە بەشی ڕۆژهەڵاتدا، یەکەم کۆمەڵگە مەسیحییەکانی سیرینایکا لە سەردەمی ئیمپراتۆر کلاودیۆسدا دامەزران. ئەم ناوچەیە لە کاتی جەنگی کیتۆسدا کاولکارییەکی زۆری بەرکەوت و بە شێوەیەک نزیک بە تەواوی لە یۆنانی و جووەکان چۆڵیانکرد.[١٥] ئەگەرچی لەلایەن ئیمپراتۆر تراجانەوە دووبارە ئاوەدان کرایەوە.لیبیا لە سەرەتادا شوێنکەوتووى پاپا ڤیکتۆری یەکەم بوو؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، لیبیا شوێنی جۆرەها ڕێبازی تری مەسیحییەتی سەرەتایی بوو، وەک ئاریانیزم و دۆناتیزم .

لیبیای ئیسلامی

[دەستکاری]
مزگەوتی عەتیق لە ئاوجیلە کۆنترین مزگەوتە لە بیابانى مەزن.

لە ژێر فەرماندەیی عەمری کوڕی عاسدا، سوپای سوپای ڕاشیدون ناوچەی سیرینایکای داگیرکرد. لە ساڵی ٦٤٧دا سوپایەک بە سەرکردایەتیی عەبدوڵڵای کوڕی سەعد شاری تەرابلوسی بە یەکجاری لە ژێردەسەڵاتى بیزەنتییەکان دەرهێنا. ناوچەی "فەزان"یش لە ساڵی ٦٦٣دا لەلایەن عوقبە کوڕی نافیع دەستی بەسەردا گیرا.هۆزە بەربەرەکانی ناودڵ و دەشتی وڵاتەکە ئیسلامییان قبوڵ کرد، بەڵام دژی دەسەڵاتی سیاسیی عەرەب وەستانەوە.

بۆ چەند دەیەی دواتر، لیبیا لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی ئومەوی لە دیمەشقدا بوو تاوەکو لە ساڵی ٧٥٠دا عەباسییەکان ئومەوییەکانیان ڕوخاند و لیبیا کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا. کاتێک خەلیفە هاروونە ڕەشید لە ساڵی ٨٠٠دا ئیبراهیمی کوڕی ئەغلەبی وەک فەرمانڕەوا دەستنیشانکرد، لیبیا سەربەخۆییەکی خۆجێیی بەرفراوانی بەدەستهێنا.تا سەدەی دەیەم، فاتیمییە شیعەکان دەستیان بەسەر ڕۆژئاوای لیبیادا گرت، و لە ساڵی ٩٧٢دا فەرمانڕەوایی تەواوی ناوچەکەیان کرد .

ئیبن زیری و دەوڵەتی زیرییەکانی بەربەر لە کۆتاییدا لە دەوڵەتی فاتیمی شیعەکان جیابوونەوە و خەلیفە عەبباسییەکانی بەغدادیان بە خەلیفە ڕاستەقینە ناساند. لە وەڵامدا، فاتمیەکان هۆکاری کۆچکردنی هەزاران کەس بوون لە دوو هۆزی عەرەبی ، کە بریتین لە بنوو سەلێم و بنوو هیلال، بۆ باکووری ئەفریقا. ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێکهاتەی گوندەکانی لیبیا دانا و پرۆسەی بەعەرەبکردنى زمانی و کولتووری ناوچەکە بەهێزتر و جێگیرتر کرد.

دەسەڵاتی زیرییەکان لە تریپۆلیتانیا زۆر درێژخایەن نەبوو، چونکە لە ساڵی ١٠٠١ زایینی (بەربەرەکان)ی بنوو خەزرون لێیان جیابوونەوە. تریپۆلیتانیا تا ساڵی ١١٤٦ لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا مایەوە، تا ئەوەی نۆرمانییەکانی سیسیل داگیریان کرد. دوای ئەوە، بۆ ماوەی نزیکەی ٥٠ ساڵ، تریپۆلیتانیا بووە گۆڕەپانی شەڕی زۆر لەنێوان ئەیوبییەکان، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی موەحیدەکان و یاخیبووانی بنوو غانیا.پاشان، ژەنەراڵێکی موەحیدەکان بە ناوی محەممەد کوڕی ئەبو حەفس، لەنێوان ساڵانی ١٢٠٧ تا ١٢٢١ حوکمی لیبیای کرد، پێش ئەوەی شانشینی حەفسییەکانی تونس دامەزرێت .لە سەدەی ١٤ زایینی، بنەماڵەی بنوو سابیت حوکمی تریپۆلیتانیایان کرد، بەڵام دواتر ناوچەکە دوبارە گەڕایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی حەفسییەکان. لە سەدەی ١٦ زایینی، حەفسییەکان خۆیان لە ناو ململانێی هێز و دەسەڵاتى ئیسپانیا و ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بینییەوە.

دوای ئەوەی دەسەڵاتی خەلافەتی عەبباسی لاواز بوو،سیرینایکا کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەند دەوڵەتێکی سەر بە میسر، وەک تولونییەکان، ئیخشیدییەکان، ئەیوبییەکان و مەمالیکەکان، تا ئەوەی لە ساڵی ١٥١٧ دەوڵەتی عوسمانی داگیری کرد. عوسمانییەکان لەنێوان ساڵانی ١٥٥٦ تا ١٥٧٧ تەواوی فەززانیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

گەمارۆدانی تەرابلوس لە ساڵی ١٥٥١دا، لەلایەن عوسمانییەکان.

لیبیای عوسمانی

[دەستکاری]

سەرکردەی دەریایی عوسمانیەکان سنان پاشا لە ساڵی ١٥٥١دا کۆنتڕۆڵی لیبیای کرد. بەم شێوەیە دامەزراندنی ئیالەتی تەرابلوس لەلایەن ئیدارەی عوسمانی دەستی پێکرد (جیاوازە لە ئیالێتی تەرابلوس )، کە ناوەندەکەی لە قەڵای تەرابلوس بوو. .تا ساڵی ١٥٦٥، دەسەڵاتی کارگێڕی وەکو فەرمانڕەوا لە تەرابلوس سپێردرا بە پاشایەک کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سوڵتانەوە لە قوستەنتینیە\ ئەستەمبوڵ دیاری دەکرا.[١٦][١٧]دوای چاکسازییە ئیدارییەکان لە ساڵی ١٨٦٤، ئەیالەتی تەڕابلوسی غەرب جێگەی گرتەوە

عومەر موختار سەرکردەیەکی دیاری بەرخۆدانی لیبیا بوو لە سیرینایکا دژی کۆلۆنیالیزمی ئیتالیا.

لیبیای سەردەمى ئیتاڵیا

[دەستکاری]

دوای جەنگی ئیتالیا و تورکیا (١٩١١-١٩١٢)، ئیتالیا ڕاستەوخۆ ناوچەکانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە . لە ساڵی ١٩١٢ەوە تا ١٩٢٧، سنورەکانى لیبیا بە باکووری ئەفریقای ئیتالی دەناسران. لە ساڵی ١٩٢٧ەوە تا ١٩٣٤، بۆ دوو بەش دابەش کرا بەرقەی ئیتالی و تەرابلوسی ئیتالی، کە لەلایەن فەرمانڕەوایانی ئیتالییەوە بەڕێوەدەبران. نزیکەی ١٥٠،٠٠٠ ئیتالی لە لیبیا نیشتەجێ بوون، کە نزیکەی ٪٢٠ی سەرجەمی دانیشتووانیان پێکدەهێنا.

عومەر موختار وەک سەرکردەیەکی بەرخۆدان لە دژی کۆلۆنیالیزمی ئیتالیا دەرکەوت لە تەمەنی پەنجا و سێ ساڵییەوە بەرخۆدانێکی چەکداری لە دژی هێزەکانی ئیتالیا ئەنجامدا کە زیاتر لە بیست ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە شەڕەکانی کرد. لە کۆتاییدا لەلایەن سەربازانی ئیتاڵیاوە دەستگیرکرا، پاشان دادگایییەکی ساختەی بۆ کرا کە کۆتایی هات بە سزای لەسێدارەدان بەسەریدا بە هەڵواسینی لە ١٦ی ئەیلوولی١٩٣١ [١٨]

سەرەڕای گرتن و لەسێدارەدانی بوو بە پاڵەوانێکی نەتەوەیی و نازناوی شێخی شەهیدان و شێخی موجاهیدین و شێری بیابانی لێنراوە[١٩] لە ئێستادا ڕووخساری لەسەر دراوی دە دیناری لیبی چاپکراوە وەک یادەوەری و رێزێک بۆ نیشتمانپەروەرییەکەی. سەرکردەیەکی دیکەی بەناوبانگى لیبیاکان کە دژى ئیتالیا خەباتى کرد، ئیدریس مەهدی سەنوسی (کە دواتر بوو بە پاشای یەکەمی لیبیا، ئیدریس یەکەم) بوو، بەردەوام بوو لە سەرکردایەتی بەرخودانی لیبیا دژى داگیرکارى ئیتالیا تا دەستپێکردنی جەنگی جیھانیی دووەم.

لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٠، ئیتالیا چووە ناو جەنگی دووەمی جیهان. لیبیا بوو بە گۆڕەپانی شەڕی گەورەی باکووری ئەفریقا، کە لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٤٣ بە شکستی ئیتالیا و هاوپەیمانە ئەڵمانییەکەی کۆتایی هات.لە ساڵی ١٩٤٣ تا ١٩٥١، لیبیا لەژێر داگیرکاری هێزە هاوپەیمانەکان بوو. سوپای بەریتانیا بەڕێوەبردنی دوو پارێزگای پێشووی ئیتالیایی، واتە تریپۆلیتانیا و کیرینایکە (بەرقە)، لە ئەستۆ گرت، لە کاتێکدا فەڕەنسا بەڕێوەبردنی پارێزگای فەززانی لەدەست بوو.لە ساڵی ١٩٤٤، ئیدریس لە دوای چەند ساڵ دوورخستنەوە لە قاهیرە گەڕایەوە، بەڵام ڕازی نەبوو بە شێوەی هەمیشەیی لە کیرینایکە نیشتەجێ ببێت تا کۆنترۆڵی بیانی لە ساڵی ١٩٤٧ لاببرێن.بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاشتیی ساڵی ١٩٤٧ لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکان، ئیتاڵیا دەستبەرداری هەموو داواکارییەکانی بوو بۆ لیبیا.

شا ئیدریس شای لیبیا

شانشینی سەربەخۆ (١٩٥١-١٩٦٩)

[دەستکاری]

کۆمەڵەی نیشتمانی دەستوورێکی داڕشت کە سیستەمی پاشایەتیی دامەزراند و پێشنیاری تەختی پاشایەتیی ئاراستەی سەید ئیدریس، میری بەرقە کرا. سەید ئیدریس پێگەیەکی کاریگەرى هەبوو وەک سەرکردەیەکى برایەتیی ئایینیی ، کە لەلایەن باپیرەیەوە لە سەدەی پێشووتردا وەک وەڵامێک بۆ کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوا لە جیهانی عەرەبیدا دایمەزراندبوو. ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە پشتگیرییەکی بەرچاوی لەلایەن بەدەوییەکان بەدەستهێنا و بووە هێزێکی سیاسیی سەرەکی لە لیبیا. لە ساڵانی داڕمانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، بە شێوەیەکی کاریگەر فەرمانڕەوایی ناوچەکانی ناوەوەی لیبیای دەکرد. سەید ئیدریس کە لە ساڵی ١٨٩٠ لە سیرەنایکا لەدایکبووە، لە تەمەنێکی گەنجیدا سەرکردایەتیی سنوسییەکانی گرتە دەست. سەردەمێکی درێژخایەنی ئاوارەیی لە میسر بەهۆى دەسەڵاتی ئیتالیادا بەسەربرد و دوای وەدەرنانی هێزەکانی تەوەر لە ساڵی ١٩٤٣دا گەڕایەوە بۆ لیبیا. لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ١٩٥١دا، وەک پاشا ئیدریسی یەکەم، لە ڕێگەی ڕادیۆوە لە بنغازییەوە وتارێکی ئاراستەی نەتەوەکەی کرد. لە ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٩دا، کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕاگەیەندرا دەبێت لیبیا پێش ١ی کانونی دووەمی ١٩٥٢ سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت. بڕیارنامەکە جەختی لەسەر ئامادەکردنی دەستوورێک بۆ دەوڵەتە نوێیەکە دەکردەوە لەڕێگەی کۆمەڵەیەکی نیشتمانی کە نوێنەرانی هەرێمەکان لەخۆبگرێت و لە چوارچێوەی دەستەیەکی یەکگرتوودا ڕاوێژ بکەن، هەروەها دیاریکردنی ڕاسپێردراوێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری لە داڕشتنی دەستوور و دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆدا.[٢٠] بەم پێیە، ئەنجومەنی نیشتمانی لیبیا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥١ دەستووری وڵاتەکەی پەسەند کرد و ئیدریس لە دانوستانەکانی دواتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەرایەتیی لیبیای کرد. تا ٢٤ی کانونی یەکەمی ١٩٥١، لیبیا سەربەخۆیی خۆی وەک شانیشینی یەکگرتووی لیبیا ڕاگەیاند، کە پاشایەتیی دەستووری و بۆماوەیی بوو لەژێر دەسەڵاتی پاشا ئیدریسدا.

لیبیا لە سەردەمی ڕژێمی قەزافی (١٩٦٩-٢٠١١)

[دەستکاری]

دۆزینەوەی یەدەگێکی گەورەی نەوت لە شانشینی لیبیا لە ساڵی ١٩٥٩، بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکە لە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهانەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند. فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو سەرچاوە داراییەکانی حکومەتی لیبیای بەرزکردەوە و ئابووری وڵاتەکەی بەهێزتر کرد.

لە یەکی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٩، گرووپێک لە ئەفسەرە سەربازییە یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی موعەممەد قەزافی کودەتایەکیان دژ بە پاشا ئیدریس ئەنجامدا، کە دواتر بە ناوی شۆڕشی فاتح ناسرا.قەزافی لە ڕاگەیەنراوە حکومییەکان و ڕۆژنامە فەرمیەکانى لیبیا بە ناوی «برا سەرکردە و ڕێبەری شۆڕش» ناسێنرا و بۆ ماوەی نزیکەی چوار دەیە دەستی بەسەر مێژوو و سیاسەتی لیبیادا گرت.بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئیتالیا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٠ سەرجەم موڵک و داراییەکانی ئیتالییەکان زەوت کران و کۆمەڵگەی ئیتالی کە ١٢،٠٠٠ کەس بوون لە لیبیا دەرکران .ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی تۆڵە

موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیا ( r. ١٩٦٩–٢٠١١ )

ناسرا و بوو بە پشووێکی نیشتیمانی. بەڵام دواتر، لەگەڵ باشتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتالیا و لیبیا، ناوی گۆڕدرا بۆ «ڕۆژی هاوڕێیەتی».[٢١]

زیادبوونی دەوڵەمەندی لیبیا هاوکات بوو لەگەڵ زیادبوونی چەوساندنەوەی سیاسی لە ناوخۆی وڵات. بە پێی یاسای ژمارە ٧٥ی ساڵی ١٩٧٣، هەر جۆرە ناڕەزایی و دژایەتییەکی سیاسی بە نایاساىى ڕاگەیەندرا.چاودێرییەکی فراوانیش بەهۆی لیژنە شۆڕشگێڕەکانی قەزافی بەسەر دانیشتووانی وڵاتدا جێبەجێ دەکرا.[٢٢]لە هەمان کاتدا، قەزافی هەوڵی دا سنوورە کۆمەڵایەتییە توندەکانی سەر ژنان، کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە سەپێندرابوون، سووکتر بکات. بۆ ئەم مەبەستە کۆمیتەى شۆڕشگێڕی ژنانیان دامەزراند بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازی.لە ساڵی ١٩٧٠ یاسایەک دەرچوو کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو و یەکسانی مووچەی کاری دووپات کردەوە.لە ساڵی ١٩٧١، قەزافی پشتیوانى دامەزراندنى یەکێتیی گشتی ژنانی لیبیاى کرد.لە ساڵی ١٩٧٢، یاسایەک پەسەند کرا کە هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی شانزە ساڵ بە تاوان دەزانێت و ڕەزامەندی ژنەکە دەکاتە مەرجی پێشوەختە بۆ هاوسەرگیری.

لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٥، گرووپێک لە ٢٠ ئەفسەری سەربازی پێکهاتبوون، کە زۆربەیان خەڵکی شاری مەسراتە بوون، هەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەکیان دا. بەڵام ئەم هەوڵە سەرنەکەوت و بووە هۆی دەستبەسەرکردن و ئێعدامکردنی بەشداربووانی کودەتاکە.[٢٣]لە ئاداری ساڵی ١٩٧٧، لیبیا بە فەرمی بە «جەماهیرییەی عەرەبی لیبیای گەلی سۆسیالیست» ناونرا.قەزافی بە فەرمی دەسەڵاتی گواستەوە بۆ لیژنە گشتییەکانی گەل و لەو کاتەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەنها ڕۆڵێکی هێمایی هەیە.ئەو سیستەمەی حوکمڕانییەی کە دامەزراند، کە بە ناوی «کۆماری» ناسرا بە فەرمی وەک دیموکراسیی ڕاستەوخۆ پێناسە کرا.

لە شوباتی ساڵی ١٩٧٧، لیبیا دەستی کرد بە گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ هێزە چەکدارە گەلییەکان لە چاد.شەڕی چاد–لیبیا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دەستی پێکرد کاتێک پشتیوانی لیبیا بۆ هێزە یاخیبووەکانی باکووری چاد گەشەی کرد و گۆڕا بۆ داگیرکاری.هەر لە هەمان ساڵدا، لیبیا و میسر شەڕێکی سنووری چوار ڕۆژەیان کرد، کە دواتر بە ناوی «شەڕی میسر–لیبیا» ناسرا.هەردوو وڵات بە نێوەندگیری ھواری بومێدیێن سەرۆکی جەزائیر لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن . .سەدان لیبیایی لە پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ ئووگاندا و عیدی ئەمین لە شەڕەکەی دژی تانزانیا گیانیان لەدەست دا.هەروەها قەزافی پشتگیریی دارایی لە چەندین گرووپی دیکە دەکرد، لەوانە بزووتنەوە دژە ئەتۆمییەکان و یەکێتییە کرێکارییەکانی ئۆسترالیا.لە ٢ی ئاداری ساڵی ١٩٧٧، لیبیا بە فەرمی بوو بە کۆمارى مەزنى عەرەبی لیبیای گەلی سۆسیالیستی .

لە ساڵی ١٩٧٧ەوە، بەشی داهاتی هەر تاکێک لە دانیشتووانی لیبیا بۆ زیاتر لە ١١,٠٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بەرزبووەوە، و وڵاتەکە بوو بە خاوەنی پێنجەمین بەرزترین داهاتی هەر تاکێک لە ئەفریقا.هەروەها، پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ی لیبیا بوو بە بەرزترین لە ئەفریقا و زیاتر بە عەرەبستانی سعوودی بەرزتر بوو.ئەم پێشکەوتنەش بەبێ وەرگرتنی هیچ قەرزێکی دەرەکی بەدەستهات، و لیبیا لە هەر جۆرە قەرزێکی دەرەوە بەدوور مایەوە.لەو ماوەیەدا، ڕووباری مەزنی دەستکرد دروست کرا، کە بووە هۆی گەیاندنی ئاوێکی شیرین بە بەشێکی زۆری ناوچەکانی وڵات.هەروەها، پشتگیریی دارایی بۆ خوێندنی زانکۆ و بەرنامەکانی دابینکردنی کار تەرخانکرا.بەشێکی زۆر لە داهاتی نەوتی لیبیا، کە لە دەیەی ١٩٧٠دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد ببوو، بۆ کڕینی چەک و پشتیوانی دارایی لە دەیان گرووپی چەکداری نایاسایی و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە جیهاندا خەرج کرا.

لە ساڵی ١٩٨٦، هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، ڕۆناڵد ڕەیگن، بە مەبەستی کوشتنی قەزافی ئەنجامدرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.لە ساڵی ١٩٨٨، دوای تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بازرگانی لەسەر شاری لۆکەربی، کە بووە هۆی کوژرانی ٢٧٠ کەس، نەتەوە یەکگرتووەکان سزا و گەمارۆی نێودەوڵەتیان بەسەر لیبیادا سەپاند.لە دەیەی ١٩٩٠، دەسەڵاتی حکومەت بەهۆی چالاکیی گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکان و هەوڵێکی سەرنەکەوتوو بۆ تیرۆرکردنی قەزافی کەوتە بەر مەترسی.حکومەتیش بە بەکارهێنانی ڕێوشوێنی توند و چەوسێنەر وەڵامی دایەوە. هەروەها، ئاژاوە و چالاکییە ئیسلامییەکان لەلایەن هێزەکانی پاراستنی شۆڕش سەرکوت کران.سەرەڕای ئەوە، ناوچەی بەرقە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ تا ١٩٩٨ لە ڕووی سیاسییەوە نائارام بوو، کە هۆکارەکەی پەیوەندیی خێڵەکی هێزە سەربازییە ناوخۆییەکان بوو.لە ساڵی ٢٠٠٣، قەزافی ڕایگەیاند کە هەموو چەکەکانی کوشتنی بەکۆمەڵی ڕژێمەکەی لەناوبراون و لیبیا بە ئاراستەی بەکارهێنانی وزەی ناوکی بۆ مەبەستە ئاشتیخوازانەکان دەڕوات.

لە ساڵی ٢٠٠٨، قەزافی نازناوى شانازى پاشای پاشاکانی ئەفریقای وەرگرت، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی "یەکێتیى وڵاتانی ئەفریقا".لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠، جگە لە هەوڵی گرتنە ئەستۆی سەرکردایەتی لە یەکێتی ئەفریقا، لیبیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیتالیا، یەکێک لە داگیرکەرە پێشوەکانی، زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا ئاسایى کردەوە .بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەهۆی تیۆرییە ئابوورییەکانی قەزافی زیانێکی ئابووریی گەورەیان پێگەیشت و بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوون.[٢٤]

شەڕی ناوخۆی لیبیا بۆ ڕووخاندنی موعەمەر قەزافی سەرۆک کۆمار و گەیشتن بە دیموکراسی بە دەستوەردانی ناتۆ لە لیبیا کۆتایی هات.

شۆڕش و شەری ناوخۆیی

[دەستکاری]

شەڕی ناوخۆی لە لیبیا لە کاتی شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی دەستی پێکرد؛ ئەو شەپۆلانەی کە ڕژێمەکانی تونس و میسرى ڕووخاند. لیبیا یەکەم جار لە ڕۆژی ١٥ی شوبات ٢٠١١ خۆپیشاندان دژی ڕژێمی موعمەر قەزافی بینی، و لە ١٧ی شوبات شۆڕشێکی فراوان بە تەواوی دەستی پێکرد.[٢٥]ڕژێمی دەسەڵاتدار و سەرکوتکەری لیبیا بە سەرکردایەتی موعەمەر قەزافی، بەراورد بە ڕژێمەکانی میسر و تونس، بەرگرییەکی توندتر و درێژخایەنترى نیشاندا. لە کاتێکدا ڕووخاندنی ڕژێمەکان لە میسر و تونس بە خێرایی بە ئەنجام گەیشت، بەڵام هەوڵەکانی قەزافی بۆ مانەوە لە دەسەڵات بوونە هۆی دواکەوتن و درێژبوونەوەی شۆڕش لە لیبیا.یەکەم ڕاگەیاندنی دەسەڵاتێکی سیاسیی کێبڕکێکار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە و ئەنجومەنی نیشتمانیی گواستنەوەی کاتی وەک حکومەتێکی جێگرەوە ناساند. یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی قەزافی وەڵامی ئەمەی دایەوە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆیتەر، کە تێیدا لە پۆستەکەی دەستکێشایەوە، لە ڕژێمەکە جیابووەوە و پێشنیاری ئەوەی کرد کە قەزافی لە وڵات هەڵبێت.[٢٦]تا ڕۆژی ٢٠ی شوبات، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە تەرابلوس.[٢٧] لە ٢٧ی شوبات ٢٠١١، ئەنجومەنی نیشتمانیی گواستنەوە دامەزرا بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لیبیا کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە شۆڕشگێڕەکاندا بوون.لە ١٠ی ئاداری ٢٠١١، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە، ئەو ئەنجومەنەیان بە سەرۆکایەتی مەحموود جیبریل وەک حکومەتی کاتی و نوێنەری یاسایی گەلی لیبیا ناساند و لە هەمان کاتدا دانپێدانانیان بە ڕژێمی موعمەر قەزافی کۆتایی پێهێنا.[٢٨][٢٩]

هێزە پشتیوانەکانی موعمەر قەزافی توانیان بە شێوەیەکی سەربازی وەڵامی پێشڕەوی هێزە شۆڕشگێڕەکان لە ڕۆژئاوای لیبیا بدەنەوە .شارۆچکەى زاویە، کە ٤٨ کیلۆمەتر لە ترابلوسى پایتەخت دوورە، لەلایەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی و تانکەکانی سوپا بۆردومان کرا و دوای ئەوە لەلایەن هێزەکانی جەماهیریەوە داگیرکرا. بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئەو هێزانە ئاستێک لە توندوتیژیان بەکارهێنا کە تا ئەو کاتە لەو شەڕەدا وێنەی نەبینرابوو.[٣٠]ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانەش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی موون، و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو سەرکوتکردنەیان مەحکوم کرد و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیان دانا. ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤیش، لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، لیبیای لە ئەندامێتی خۆی دەرهێنا.لە ١٧ی ئاداری ٢٠١١، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ژمارە ١٩٧٣ی پەسەند کرد. ئەو بڕیارنامەیە بە ١٠ دەنگی بەڵێ و بێ هیچ دەنگی دژ، لەگەڵ ٥ دەنگی بێلایەن کە ئەوانیش ڕووسیا ، چین ، هیندستان ، بەرازیل و ئەڵمانیا بوون پەسەندکرا.بڕیارنامەکە ڕێگەی بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین دا و هەروەها بەکارهێنانی "هەموو ڕێگەیەکی پێویست" بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەناو لیبیادا سەپاند.

لە ١٩ی ئاداری ٢٠١١، یەکەم هەنگاوی هاوپەیمانانی ناتۆ بۆ جێبەجێکردنی ناوچەی قەدەغەی فڕین دەستی پێکرد، کاتێک فڕۆکە جەنگییە فەرەنسییەکان بۆ ئەرکی چاودێری هاتنە ناو ئاسمانی لیبیا .[٣١]دواتریش بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی دیکە بەشداریانکرد. لە هەمان کاتدا، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ١١٤ مووشەکی تۆماهاوکیان ئاراستەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لیبیا کرد.

فرۆکەى نۆرترۆپ بی-٢ سیپریت لە هێرشە ئاسمانیەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداربووکە هەر فڕۆکەیەک بە ١٦ بۆمبی ٢,٠٠٠ پاوەندی ئامادەکرابوو لە بنکە سەربازییەکەیان لە ویلایەتی میزوری هەڵدەفڕین و دوای تەواوکردنی ئەرکەکانیان بۆ هەمان بنکە دەگەڕانەوە.[٣٢]هاوکاری و پاڵپشتی هێزە ئاسمانییەکانی ناتۆ ڕۆڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی کۆتایی شۆڕشی لیبیادا گێڕا و بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتی هێزە دژبەرەکانی قەزافی دا تا لە کۆتاییدا بەسەر ڕژێمەکەدا زاڵ ببن.[٣٣]تا ڕۆژی ٢٢ی ئابی ٢٠١١، شۆڕشگێڕان چوونە ناو ترابلووس و گۆڕەپانی سەوزیان داگیرکرد. دواتر ناوی ئەو گۆڕەپانەیان گۆڕی بۆ گۆڕەپانی شەهیدان ، بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی کە لە ١٧ی شوبات ٢٠١١ەوە لە شۆڕشەکەدا گیانیان لەدەست دابوو.لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، موعەمەر قەزافی لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی کوژران.

جوگرافیا

[دەستکاری]

لیبیا بە ڕووبەرێکی ١،٧٥٩،٥٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە (٦٧٩،٣٦٢ میل چوارگۆشە) یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی جیهان بە پێی ڕووبەر، شانزەهەمین وڵاتی گەورەی جیهانە.لیبیا لە باکوورەوە بە دەریای ناوین، لە باکورى رۆژاوا لەگەڵ توونس، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ جەزائیر، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ نیجەر، لە باشوورەوە لەگەڵ چاد، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سوودان، و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میسر هاوسنورە. هەروەها سنووری دەریایی لەگەڵ یۆنان، ئیتالیا و ماڵتا لە باکوور هەیە.لیبیا لە نێوان پانییەکانی ١٩° و ٣٤°ی باکوور و هێڵە درێژییەکانی ٩° و ٢٦°ی ڕۆژهەڵات هەڵکەوتووە.

کەناری دەریایی لیبیا درێژترە لە کەناری هەر وڵاتێکی ئەفریقی کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست.[٣٤] درێژییەکەی دەگاتە ١،٧٧٠ کیلۆمەتر (١،١٠٠ میل). بەشێک لە دەریای ناوەڕاست لە باکووری لیبیا بە دەریای لیبی ناسراوە.کەش و هەوای زۆربەی ناوچەکانی وڵات لە نێوان وشک و بیابانی و نیوەبیابانییە. تەنها ناوچە باکوورییەکان جیاوازن، چونکە کەش و هەوایەکی مامناوەند و لە جۆری کەش و هەوای دەریای ناوەڕاستیان هەیە.[٣٥]

مەترسییە سروشتییەکانی لیبیا بریتین لە شەپۆلە وەرزییە گەرم و وشکەکان و زریانە خۆڵییەکان، کە لە ناوخۆی وڵات بە ناوی «قِبلی» ناسراون. ئەم شەپۆلانە زۆربەی جار لە وەرزی بەهار و پاییزدا ڕوو دەدەن و ماوەیان لە یەک تا چوار ڕۆژ دەبێت. هەروەها خەمرک لە زۆر شوێنی لیبیا هەن، کە گرنگترینیان لە غادامس و کوفرە هەڵکەوتوون .

بیابانی سەحرا بەشێکی زۆری خاکی لیبیا دەگرێتەوە، جگە لە باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

بیابانی لیبیا

[دەستکاری]

سەحرای لیبیا بەشێکی فراوانی خاکی لیبیا دادەپۆشێت و زۆرێک لە ناوچەکانی بریتین لە دەشتە بێ ئاوەکان و بێ باران. لە هەندێک شوێندا، چەندین ساڵ بەبێ هاتنی باران تێدەپەڕێت، و تەنانەت لە ناوچە بەرزاییەکانی باشووری وڵاتیش باران بارین زۆر دەگمەنە؛ هەندێک جار تەنها جارێک لە ماوەی پێنج تا دە ساڵدا دەبارێت. بۆ نموونە، لە ناوچەی عووینات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا، تا ساڵی ٢٠٠٦ دوایین بارانی تۆمارکراو لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٨ بوو. هەروەها، لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا و ناو بیابانى لیبیا، چەندین دۆڵ هەن کە کۆمەڵێک ئۆیسیس (واحات) لەخۆ دەگرن، وەک جەغبوب و جالۆ[٣٦][٣٧]

پلەی گەرمای لە بیابانى لیبیا هەندێک جار دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز. لە ١٣ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٢٢، لە شارۆچکەی عەزیزیە کە لە باشووری ڕۆژئاوای شاری تەرابلوس هەڵکەوتووە، پلەی گەرما بە ٥٧٫٨ پلەی سیلیزی (١٣٦ پلەی فاهرەنهایت) تۆمارکرا، کە لەو کاتەدا وەک بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی جیهان ناسرابوو. بەڵام لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٢، ڕێکخراوەی جیھانیی کەشوھەوا ئەو تۆمارە هەڵوەشاندەوە و بە فەرمی لە ڕیزبەندی تۆمارە جیهانییەکان لابرد.[٣٨]

ئاو و هەوا

[دەستکاری]

کەشوهەوای ناوچەکە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا بە مامناوەندە، لە هاویندا گەرمە و لە زستاندا تا ڕادەیەک ساردە. ئاووهەواکەی هەمەجۆرە؛ ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست و نیمچەبیابانی زاڵە بەسەر بەشی باکووری ناوەڕاستدا، و ئاووهەوای بیابانیش بەسەر بەشی باشووردا زاڵە کە زستانی ساردە، هاوینی گەرمە و بارانی کەمە. لە کاتێکدا دۆخی چیاى سەوز جیاوازە؛ بە جۆرێک لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی لە ۳۰ پلەی سەدی تێپەڕ ناکات، و لە زستاندا هەندێک جار دەگاتە پلەی بەستن، کە دەبێتە هۆی بەفربارین لە هەندێک لە شارەکاندا.

کەشوهەوای بیابانیی گەرم لە وەرزی هاویندا کاریگەرى بەسەر زۆربەی بەشەکانی وڵاتدا هەیە جگە لە رێرەوێکى تەسک بەدرێژایی دەریای ناوەڕاست کە گرنگترین شارەکانی لێ هەڵکەوتووە، ، هەروەها هەندێک ناوچەی شاخاوی کە دەکەونە باکوور یان باشووری وڵاتەکەوە؛ لەو ناوچانەدا باران بە بڕێک دەبارێت کە بەس بێت بۆ گەشەکردنی ڕووەکی سروشتی، کە چڕی و گرنگییەکەی بۆ ژیانی ڕووەکی و مرۆیی بەپێی بڕی بارانبارینەکە دەگۆڕێت. هەندێک لەم ناوچانە بارانیان بۆ گەشەکردنی دارستان و دەوەنە هەمیشەسەوزەکان کە هاوشێوەی ئەوانەن لە کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستدا گەشە دەکەن. ناوچەی دیکەشیان بارانەکەی تەنها بۆ گەشەکردنی گیا وەرزییە، کە لەگەل نەمانى وەرزى بارانبارین وشک دەبن.

ھەروەھا ھەڵکەوتەی خولگەیی و نیمچە خولگەیی وڵاتەکە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕووبەرێکی فراوان لە ئەفریقا، وای کردووە کە پلەی گەرما لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازییەکی زۆری نەبێت، چونکە زنجیرە چیا گەورەکانی وەک چیاکانی ئەتڵەس یان ئەڵپ بوونیان نییە، و تەوژمە دەریاییە ساردەکانیش بە کەنارەکانیدا تێپەڕ نابن. بۆیە پلەی گەرما بەگشتی لە ھاویندا بەرزە ، بەدەر لە شریتی کەنار دەریا و چیای سەوز و چیای ڕۆژئاوا ، وە لە زستاندا مامناوەندە بۆ سارد. مەودای گەرمی لە نێوان شەو و ڕۆژ، و ھاوین و زستاندا زیاد دەکات تا بەرەو باشوور بڕۆین و لە کاریگەرییەکانی دەریای ناوەڕاست دوور بکەوینەوە.سەبارەت بە شێی ڕێژەییش، ئەوا بەرزە بەتایبەتی لە مانگەکانی ٨ و ٩ بەھۆی ھەڵکردنی بای شێدار لە لای دەریاوە، وە لە ناوچە بیابانییەکان زۆر نزمە بەھۆی وشکیی ڕووی زەوییەکە و دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییە دەریاییەکان.سەبارەت بەو با باوانەی لە کەنار دەریاکان ھەڵدەکەن، دەکرێت بەپێی وەرزەکانی ساڵ دابەش بکرێن بۆ دوو جۆر: ئاراستەی با لە وەرزی ھاویندا ڕۆژھەڵاتییە، دواتر باشووری ڕۆژھەڵات، پاشان باکووری ڕۆژئاوا. بەڵام لە زستاندا ئاراستەی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا زاڵە، پاشان ڕۆژئاوا و باشوور. سەبارەت بە ھەرێمەکانی باشووریش، ئەوا بای بازرگانیی باکوور و باکووری ڕۆژھەڵات بە درێژایی ساڵ زاڵە.

ڕامیاری و حکوومەت

[دەستکاری]

سیاسەتی لیبیا لە دوای دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی و قەیرانی لیبیا کە پەیوەندی بە دەستێوەردانی ناتۆوە هەبوو لە ساڵی ٢٠١١، لە دۆخێکی نائارامدایە. ئەم قەیرانە بووە هۆی ڕووخانی جەماهیریی عەرەبیی لیبیا و کوشتنی موعەمەر قەزافی، لە گەرمەی یەکەمین شەڕی ناوخۆی لیبیا و دەستێوەردانی سەربازیی بیانی لە ساڵی ٢٠١١.[٣٩][٤٠][٤١] قەیرانەکە بەهۆی توندوتیژیی لایەنەکان لە دوای یەکەمین شەڕی ناوخۆ زیاتر قووڵ بووەوە، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی دووەمین شەڕی ناوخۆی لیبیا لە ساڵی ٢٠١٤. [٤٢]لە ئێستادا دەسەڵاتی وڵاتەکە دابەش بووە لە نێوان ئەنجومەنی نوێنەران (HoR) لە تۆبروک و حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی (GNU) لە تەرابلوس و لایەنگرانیان، هەروەها چەندین گرووپی جیهادی و هێزی هۆزەکان کە کۆنتڕۆڵی ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان کردووە.[٤٣][٤٤]

دەسەڵاتی یاسادانانی پێشوو کۆنگرەی نیشتمانیی گشتی بوو، کە ٢٠٠ کورسی هەبوو.[٤٥] کۆنگرەی نیشتمانیی گشتی (٢٠١٤)، کە پەرلەمانێکی ڕکابەرە و تا ڕادەیەکی زۆر دانپێدانەنراوە و بنکەکەی لە پایتەختی فەرمی تەرابلوسە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە درێژەپێدەری یاسایی کۆنگرەی نیشتمانیی گشتییە (GNC). لە ٧ی تەممووزی ٢٠١٢، لیبییەکان دەنگیان بۆ پەرلەمان دا، کە یەکەمین هەڵبژاردنی ئازاد بوو لە ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵدا. نزیکەی سی ژن هەڵبژێردران بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی پەرلەمان.[٤٦] ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانەکە دەریخست کە هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیرانی کاتیی پێشوو مەحموود جبریل، لە پێشەنگدایە. پارتی داد و بنیاتنان، کە سەر بە ئیخوان موسلمینە، لە لیبیا کەمتر سەرکەوتوو بوو بەراورد بە پارتە هاوشێوەکانى لە میسر و توونس . ١٧ کورسی لە کۆی ٨٠ کورسی بەدەستهێنا کە پارتەکان کێبڕکێیان لەسەر دەکرد؛ تا ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ٦٠ کەسی سەربەخۆ پەیوەندییان بە فراکسیۆنەکەیەوە کردبوو. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٣وە، گوشارێکی جەماوەریی زۆر لەسەر کۆنگرەی نیشتمانی هەبوو بۆ پێکهێنانی دەستەیەک بۆ داڕشتنی دەستوور. کۆنگرە هێشتا بڕیاری نەدابوو کە ئایا ئەندامانی دەستەکە هەڵدەبژێردرێن یان دیاری دەکرێن. لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٤، کۆنگرەی نیشتمانیی گشتی دەنگی دا بۆ جێگرتنەوەی خۆی بە ئەنجومەنێکی نوێی نوێنەران. دەسەڵاتە یاسادانانە نوێیەکە ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخان کرد، کە بە گشتی ٢٠٠ کورسی دەبوو کە تێیدا کەسەکان دەیانتوانی وەک ئەندامی پارتە سیاسییەکان خۆیان کاندید بکەن، و ڕێگەی بەو لیبییانەش دا کە خاوەنی وڵاتینامەی دیکەن خۆیان بۆ پۆستەکان کاندید بکەن.

لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٢، فریدم هاوس پلەبەندیی لیبیای لە "ئازاد نییە" بۆ "بەشێوەیەکی ڕێژەیی ئازادە" باشتر کرد و وڵاتەکەی بە دیموکراسییەکی هەڵبژاردن دادەنا.[٤٧] قەزافی لە ساڵی ١٩٧٣ دادگا مەدەنی و شەرعییەکانی یەکخست. تا ساڵی ٢٠١٣، دادگا مەدەنییەکان دادوەری شەرعییان لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی ئاساییدا وەک پسپۆڕ لە کەیسەکانی تێهەڵچوونەوەی شەرعیدا دامەزراندبوو. یاساکانی پەیوەست بە باری کەسی لە ساڵی ٢٠١١ەوە لە شەریعەتی ئیسلامییەوە سەرچاوەیان گرتووە.[٤٨] لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤، بێرناردینۆ لیۆن نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لیبیای بەبێ دەوڵەت وەسف کرد. ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ واژۆ کرا. بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتیی نۆ کەسی و حکومەتێکی کاتیی ڕێککەوتنی نیشتمانیی حەڤدە کەسی پێکدەهێندرا، بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ لە ماوەی دوو ساڵدا. ئەنجومەنی نوێنەران وەک دەسەڵاتێکی یاسادانان بەردەوام دەبوو، و دەستەیەکی ڕاوێژکاری بە ناوی ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەندامەکانی لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانیی گشتییەوە (٢٠١٤) کاندید دەکران.[٤٩] پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی لە ٥ی شوباتی ٢٠٢١ ڕاگەیەندرا، دوای ئەوەی ئەندامەکانی لەلایەن کۆربەندى دیالۆگی سیاسیی لیبیا (LPDF) هەڵبژێردران.[٥٠] ٧٤ ئەندام دەنگیان دا بە لیستە چوار کەسییەکان، بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەن. [٥٠]دوای ئەوەی هیچکام لە لیستەکان نەیانتوانی بەربەستی ٦٠٪ی دەنگەکان تێپەڕێنن، دوو گرووپە پێشەنگەکە لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا کێبڕکێیان کرد. محەممەد مەنفی، باڵیۆزی پێشووی لیبیا لە یۆنان، بووە سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی.

لە هەمان کاتدا، عەبدولحەمید دەبیبە، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی کاتی. سەرجەم ئەو کاندیدانەی کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، بە ئەندامانی لیستە براوەکەشەوە، بەڵێنیان دا کە ژنان لە ٣٠٪ی سەرجەم پۆستە باڵاکانی حکومەت دابمەزرێنن. ئەو سیاسەتمەدارانەی کە هەڵبژێردران بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی کاتی، سەرەتا ڕەزامەندییان دەربڕی کە خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە نیشتمانییانە کاندید نەکەن کە بڕیار بوو لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا عەبدولحەمید خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند.[٥١] دادگای تێهەڵچوونەوە لە تەرابلوس تانەکانی بۆ دوورخستنەوەی ڕەتکردەوە و ڕێگەی دا عەبدولحەمید بگەڕێتەوە بۆ لیستی کاندیدەکان، لەگەڵ ژمارەیەک کاندیدی تری پێشتر دوورخراوە، بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە لە بنەڕەتدا بۆ ٢٤ی کانوونی یەکەم دانرابوو. ئەوەی زیاتر جێگەی مشتومڕ بوو ئەوە بوو کە دادگاکە سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی دیکتاتۆری پێشوو، وەک کاندیدی سەرۆکایەتی گەڕاندەوە.[٥٢][٥٣] لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی لیبیا داوای کرد هەڵبژاردنەکە بۆ ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دوابخرێت. پێشتر، لیژنەیەکی پەرلەمانی ڕایگەیاندبوو کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ "مەحاڵە". نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سەرکردە کاتییەکانی لیبیا کرد کە "بەپەلە چارەسەری هەموو ئاستەنگە یاسایی و سیاسییەکان بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، لەوانەش یەکلاییکردنەوەی لیستی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی. [٥٤]لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆتا خولەکدا، هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەردەوامیدان بە پشتیوانی و داننان بە حکومەتی کاتیدا بە سەرۆکایەتیی دەبیبە.[٥٥][٥٦] بەپێی یاسا نوێیەکانی هەڵبژاردن، سەرۆک وەزیرانێکی نوێ ٢١ ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ پێکهێنانی کابینەیەک کە دەبێت لەلایەن دەزگا حوکمڕانییە جیاوازەکانی ناو لیبیاوە پەسەند بکرێت. دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ئەم کابینەیە دەکرێت، حکومەت جێگەی سەرجەم "دەسەڵاتە هاوتەریبەکان"ی ناو لیبیا دەگرێتەوە، لەوانەش حکومەتی ڕێککەوتنی نیشتمانی لە تەرابلوس و ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی کە جەنەڕاڵ حەفتەر سەرکردایەتی دەکات.

سەربازی

[دەستکاری]

سوپای نیشتمانیی پێشووی لیبیا لە یەکەمین شەڕی ناوخۆی لیبیادا تێکشکا و هەڵوەشێندرایەوە. ئەنجومەنی نوێنەران کە بنکەکەی لە تۆبروکە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی شەرعیی لیبیایە، هەوڵی داوە هێزێکی سەربازی بە ناوی سوپای نیشتمانیی لیبیا دابمەزرێنێتەوە. ئەم هێزە بە سەرکردایەتیی خەلیفە حەفتەر، کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی لیبیا دەکات. لە ئایاری ٢٠١٢دا، مەزەندە دەکرێت ٣٥,٠٠٠ کەس پەیوەندییان بە ڕیزەکانییەوە کردبێت. حکومەتی ڕێککەوتنی نیشتمانی، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە و لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە، سوپای تایبەت بە خۆی هەبوو کە جێگەی سوپای نیشتمانیی لیبیای گرتەوە، کە زۆربەی لە گرووپە میلیشیا بێسەروبەر و ڕێکنەخراوەکان پێکهاتبوو.[٥٧][٥٨]

کارگێرى

[دەستکاری]

مافەکانی مرۆڤ

[دەستکاری]

شارەکانو دابەشبوونی بەرێوەبردنی

[دەستکاری]

شارە گەورەکانی

[دەستکاری]

ئابووری

[دەستکاری]

دانیشتووان

[دەستکاری]

ئایین

[دەستکاری]
ئایینەکان لە لیبیا [٥٩]
ئایینەکان ڕێژە
ئیسلام(سوننە)
  
٩٧٫٠٪
مەسیحی
  
٣٫٠٪

کەلتوور

[دەستکاری]

بەستەری دەرەکی

[دەستکاری]

پوختەیەک دەربارەی کۆماری لیبیا

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ «Publications Office – Interinstitutional Style Guide – Annex A5 – List of countries, territories and currencies». publications.europa.eu. لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  2. ↑ «Publications Office – Interinstitutional Style Guide – Annex A5 – List of countries, territories and currencies». publications.europa.eu. لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  3. ↑ «الجزائر الأولى.. أكبر 10 دول عربية مساحة». www.alhurra.com (بە عەرەبی). لە ڕەسەنەکە لە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  4. ↑ https://web.archive.org/web/20190502201134/https://unstats.un.org/unsd/demographic/products/dyb/DYB2003/Table03.pdf. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی شوباتی ٢٠١٣ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
  5. ↑ «International - U.S. Energy Information Administration (EIA)». Country Analysis Briefs. EIA. ٢٠١٢. لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ھێنراوە.
  6. ↑ «Libya». WOAH - Middle East (بە ئینگلیزیی بریتانیایی). لە ڕەسەنەکە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  7. ↑ «Libya Country Profile». Geography (بە ئینگلیزی). ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠. لە ڕەسەنەکە لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  8. ↑ «UNData app». data.un.org. لە ڕەسەنەکە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی ئابی ٢٠١٧ ھێنراوە.
  9. ↑ «Libya Demographics Profile». Indexmundi.com. ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٥. لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی نیسانی ٢٠١٦ ھێنراوە.
  10. ↑ «Spotlighting The World Factbook as We Bid a Fond Farewell - CIA». www.cia.gov (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی ئابی ٢٠١٧ ھێنراوە.
  11. ↑ World Economic Outlook Database، (April، 2006)، "Report for Selected Countries and Subjects"، International Monetary Fund.
  12. ↑ Annual Statistical Bulletin، (2004)، "World proven crude oil reserves by country، 1980–2004" ٢٥ی ئایاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، O.P.E.C..
  13. ↑ «About Libya». UNFPA-Libya (بە ئینگلیزی). لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  14. ↑ Halsall, Paul (ئابی ١٩٩٨). «Internet History Sourcebooks Project: Ancient History». لە ڕەسەنەکە لە ٩ی نیسانی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی شوباتی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  15. ↑ Rostovtzeff، Michael (١٩٥٧). Social and Economic History of the Roman Empire (چاپی 2). Oxford: Clarendon. لاپەڕە ٣٦٤.
  16. ↑ Hoppen، Alison (١٩٧٩). The fortification of Malta by the Order of St. John, 1530–1798. Scottish Academic Press. لاپەڕە ٢٥.
  17. ↑ Robert C. Davis (٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣). Christian Slaves, Muslim Masters: White Slavery in the Mediterranean, the Barbary Coast, and Italy, 1500–1800. Palgrave Macmillan. ژپنک ٩٧٨-٠-٣٣٣-٧١٩٦٦-٤. لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٢ ھێنراوە.
  18. ↑ Santarelli، Enzo؛ Gilbert، John (١٩٨٦). «Omar Al-Mukhtar: the Italian reconquest of Libya» (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ئەرشیڤ کراوە. {{cite journal}}: بیرخستنەوەی journal پێویستی بە |journal= ھەیە (یارمەتی)
  19. ↑ Nassar، Hala Khamis؛ Boggero، Marco (١ی حوزەیرانی ٢٠٠٨). «Omar al-Mukhtar: the formation of cultural memory and the case of the militant group that bears his name». The Journal of North African Studies. ١٣ (2): ٢٠١–٢١٧. doi:١٠.١٠٨٠/١٣٦٢٩٣٨٠٨٠١٩٩٦٥٣٩. ISSN ١٣٦٢-٩٣٨٧.
  20. ↑ الجليل، سامية فتحي عبد (١٧ی ئازاری ٢٠٢٥). «دور الأمم المتحدة في استقلال ليبيا». مجلة القرطاس (بە عەرەبی). ٣ (26). ISSN ٢٥٢٣-٩٨٢١. لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ئەرشیڤ کراوە.
  21. ↑ Zoubir، Yahia H. (٢٠٠٩). «Libya and Europe: Economic Realism at the Rescue of the Qaddafi Authoritarian Regime». Journal of Contemporary European Studies. ١٧ (3): ٤٠١–٤١٥ [٤٠٣, ٤١١]. doi:١٠.١٠٨٠/١٤٧٨٢٨٠٠٩٠٣٣٣٩٣٥٤. S2CID ١٥٣٦٢٥١٣٤.
  22. ↑ Eljahmi, Mohamed (٢٠٠٦). «Libya and the U.S.: Gaddafi Unrepentant». Middle East Quarterly. لە ٢ی ئازاری ٢٠١١ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە.
  23. ↑ Krieger، Joel (٢ی ئابی ٢٠٠١). The Oxford Companion to Politics of the World (بە ئینگلیزی). Oxford University Press, USA. لاپەڕە ٥٠٦. ژپنک ٩٧٨٠١٩٥١١٧٣٩٤. لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە.
  24. ↑ «A civil war beckons». Mar 3rd 2011. لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوت= (یارمەتی)
  25. ↑ «Live Blog - Libya». ١٧ی شوباتی ٢٠١١. لە ٢٣ی شوباتی ٢٠١١ ھێنراوە. {{cite web}}: |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= پێویستی بە |archive-url= ھەیە (یارمەتی)
  26. ↑ Hussain1 Howard2، Muzammil M.1Philip N.2 (٢٠١٣). Democracy's Fourth Wave?: Digital Media and the Arab Spring. New York: Oxford University Press. لاپەڕە ٢٣. ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-٩٩٣٦٩٧-٧.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ناوە ژمارەیییەکان: authors list (بەستەر)
  27. ↑ Pollack، Kenneth M.، ed. (١ی کانوونی دووەمی ٢٠١١). The Arab awakening: America and the transformation of the Middle East. Washington, DC: Brookings Institution. ژپنک ٩٧٨٠٨١٥٧٢٢٢٦٧. لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢١ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ھێنراوە.
  28. ↑ «NTC's International Recognition». www.ntclibya.com. لە ڕەسەنەکە لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  29. ↑ «Libya: France recognises rebels as government».
  30. ↑ The Independent, 9 March 2011 P.4
  31. ↑ «Libya: French plane fires on military vehicle». {{cite web}}: |archive-url= requires |archive-date= (یارمەتی)
  32. ↑ Tirpak, John «Air Force Magazine». لە ڕەسەنەکە لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە.
  33. ↑ «The hidden story of airpower in Libya (and what it means for Syria)». Foreign Policy. ١١ی شوباتی ٢٠١٣. لە ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی نیسانی ٢٠١٦ ھێنراوە.
  34. ↑ «Spotlighting The World Factbook as We Bid a Fond Farewell - CIA». The World Factbook. لە ڕەسەنەکە لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی شوباتی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  35. ↑ «404 Error - South Travels». لە ڕەسەنەکە لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ ھێنراوە. {{cite web}}: Cite uses generic title (یارمەتی)
  36. ↑ Salak، Kira. «National Geographic Adventure Mag.: Excerpts: "Rediscovering Libya," April 2005». لە ڕەسەنەکە لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە.
  37. ↑ András Zboray. «Flora and Fauna of the Libyan Desert (Frameset)». لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی شوباتی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  38. ↑ «Libya loses 'world's hottest place' record |». www.libyaherald.com (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  39. ↑ «Libya mired in chaos 10 years after Arab Spring». France 24. ١٠ی شوباتی ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
  40. ↑ «10 years since Kadhafi death, stability still eludes Libya». France 24. ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
  41. ↑ {{cite news}}: بیرخستنەوەی واڵا (یارمەتی)
  42. ↑ Conflict News https://web.archive.org/web/20150320232806/http://www.conflict-news.com/libyas-second-civil-war-how-did-it-come-to-this/. لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی ئازاری ٢٠١٥ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
  43. ↑ Pelham، Nicolas (شوباتی ٢٠١٥). «Libya Against Itself». The New York Review of Books. لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٥ ھێنراوە.
  44. ↑ Fadel, L. "Libya's Crisis: A Shattered Airport, Two Parliaments, Many Factions".
  45. ↑ «Spotlighting The World Factbook as We Bid a Fond Farewell - CIA». The World Factbook. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە.
  46. ↑ «Encouraging Libyan women to play a greater role in politics». ٤ی شوباتی ٢٠١٣. لە ڕەسەنەکە لە ١ی ئایاری ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە.
  47. ↑ «Libya». Freedom in the World 2013. ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣. لە ڕەسەنەکە لە ٣ی شوباتی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە.
  48. ↑ «Welcome to Emory Law | Emory University School of Law | Atlanta, GA». لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  49. ↑ «Libyan deal on course, but who is on board?». ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥. لە ڕەسەنەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی نیسانی ٢٠١٦ ھێنراوە.
  50. 1 2 «UN-led Libya forum selects new interim government». www.aljazeera.com (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی شوباتی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  51. ↑ «Interim leader Abdul Hamid Dbeibah to run for Libyan presidency». www.aljazeera.com (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  52. ↑ «Saif Al-Islam Gaddafi back in Libya presidential election race | The Libya Observer». www.libyaobserver.ly (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  53. ↑ «Libyan court reinstates Saif Gaddafi as presidential candidate». www.aljazeera.com (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  54. ↑ «Fears of Libya violence as UN races to manage election postponement». the Guardian (بە ئینگلیزی). ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  55. ↑ {{cite news}}: بیرخستنەوەی واڵا (یارمەتی)
  56. ↑ «UK's ambassador drawn into Libyan political crisis after elections called off». the Guardian (بە ئینگلیزی). ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  57. ↑ Allahoum، Ramy. «Q&A: What's next for Libya?». Al Jazeera (بە ئینگلیزی). لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  58. ↑ «US-backed force in Libya face challenges».
  59. ↑ بەختیاری، سەعی. جوگرافیا. تاران: ڕێکخراوی جوگرافیاییو کارتۆگرافی گیتاناسی. ژپنک ٩٧٨-٩٦٤-٣٤٢-٤٣١-٢.